سەرۆک بارزانی و شاندێکی ئەمەریکی شەش پرسیان تاوتوێ کرد
سێشەممە، 15-04-2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ڤیكتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لە دۆستایەتی و هاوبەشیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە لەپێناو دابینكردنی سەقامگیری و پێشڤەچوون لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.
ئاماژە بەوەش دراوە، هەر لەو دیدارە گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی كرا و بیروڕا لەبارەی گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی لایەنە كوردییەكانی سووریا و داهاتوو و پەیوەندییان لەگەڵ حكوومەتی تازەی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەماهەنگیی نێوانیان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی ئالنگارییەكان.
گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.