خامنەیی: متمانەیەکی ئەوتۆمان بە ئەمەریکا نییە

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، دانوستانەکانی عوممان بە یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دادەنێت و دەڵێت: لەخۆمان دڵنیاین، بەڵام متمانەیەکی ئەوتۆمان بە ئەمەریکا نییە و ناکرێت بابەتە ناوخۆییەکانی وڵات بە دانوستانەکان ببەسترێنەوە.

خامنەیی، ئەمڕۆ سێشەممە 15ی نیسانی 2025، لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرسێ دەسەڵاتەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە هەموو بوارەکاندا چالاکیی و کارەکان پەلەی زیاتر و هەنگاوی جددییان  بۆ بنرێت و بەردەوام بێت، هەربۆیە نابێت هیچ بابەتێکیش بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە ببەسترێنەوە.

لە بارەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، ڕێبەری باڵا دەڵێت: هەنگاوی یەکەمی وڵات بۆ دانوستان باش بووە و دەبێت لە هەنگاوەکانی دواتریش وردتر جووڵە بکرێت، چونکە بۆ ئێمەش و بۆ لایەنی بەرانبەر هێلە سوورەکان ڕوونن.

گوتیشی: هەرچەندە لە تواناکانی خۆمان دڵنیاین، بەڵام متمایەکی ئەوتۆمان بە لایەنی بەرانبەر نییە، هەربۆیە ڕەنگە دانوستانەکان بگەنە ئەنجام یان بە هیچ ئەنجامێک نەگەن، ئەمەش وایکردووە بە دانوستان نە زۆر گەشبینین، نە زۆر ڕەشبین بین. 

هەروەها ڕایگەیاند، ئەو هەڵەیەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرا، نابێت دووبارە بکرێتەوە. نابێت پرسە ناوخۆییەکانی وەک وەبەرهێنان و بووژانەوە بە ئەنجامی دانوستانەکان ببەسترێنەوە و گوتیشی: بەردەوام بوونی چالاکییەکان لە کەرتەکانی پیشەسازی، ئابووری، بنیاتنان، ڕۆشنبیری و بوارەکانی دیکە، هیچ یەکێکیان پەیوەندییان بە دانوستانەکانی عوممانەوە نییە و دەبێت پەرەی زیاتریان پێ بدرێت.