مەحموود محەممەد: لە دوو ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سلێمانی دەکەین

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی دانووستنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ یەکێتی زۆر دۆستانە بەڕێوەچوو، دەشڵێت: لە دوو ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سلێمانی دەکەین.

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەچینە ناو وردەکارتی زیاتر بۆ پێکهێنانی حکوومەت، هەردوولا دەمانەوێت ئەو حکوومڕانییەی پێویستە لە کوردستان هەبێت، دابەشکردنی پۆستەکانیش بۆ لێژنەکان بەجێدەهێڵین.

سێشەممە، 15-04-2025، هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کۆ بوونەوە. 

 کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:10 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15-04-2025، دەستی پێ کرد و کاتژمێر 11:45 خولەکی پێشنیوەڕۆ کۆتایی هات، واتا نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە. 

پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردووەتەوە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە." باس لەوەش کراوە "لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن."

ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان:

1. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

2. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

3. دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی. 

4. ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.

ئەندامانی شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

1.  قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال.

2.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پشکی یەکێتی.

3.  دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. 

4. نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

5. ڕێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

6. شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.