گوتەبێژی دەم پارتی: ئۆندەر پیاوی دۆخە سەختەکانە و چاوەڕوانین بە تەندروستییەکی باش بگەڕێتەوە

عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی
عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی

عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی سوپاسی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتە سیاسییەکان دەکات، بۆ پەرۆشیان سەبارەت بە تەندروستی سرری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دەشڵێت " جگە لە لێدوانی پزیشکەکان هیچ زانیارییەکی دیکە ناتوانین بدەین"

عایشەگوڵ دۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەبارەت بە تەندروستی سرری سورەییا ئۆندەر گوتی: سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە دڵییان لەگەڵ ئێمەیە، سەرۆک پارتەکان، بەتایبەت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندروستی سرری سورەییا ئۆندەر دەکات.

گوتیشی: لەم کاتەدا جگە لە لێدوانی پزیشکەکان هیچ زانیارییەکی دیکە ناتوانین بدەین. 

گوتەبێژی دەم پارتی ڕاشیگەیاند، لە دوای تەواو بوونی نەشتەرگەری ئۆندەر دەخرێتە ژێر چاودێری چڕی پزیشکییەوە.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا عایشەگوڵ دۆغان، گوتی: ئۆندەر پیاوی دۆخە سەختەکانە و بڕوامان وایە دۆخەکە تێدەپەڕێنێت و بە تەندروستییەکی باش دەگەڕێتەوە، بەهیوایەکی زۆر،  چاوەڕێی باشبوونی تەندروستی دەکەین.

هەروەها تولای هاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: سرری سورەییا تاوەکوو ئێستا زۆر سەختی تێپەڕاندووە، باوەڕمان وایە لەم نەشتەرگەرییە بە سەرکەوتوویی دەردەچێت و ئەو سەختییەش تێدەپەڕێنێت.

هاتیمۆغولاری ئاماژەیداوە بەوەی، نەشتەرگەرییەکە قورس و درێژ دەبێت و چەند کاتژمێرێکە لە ژووی نەشتەرگەریدایە.