سوودانی: خۆم کاندید دەکەمەوە
چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پانێڵی دیداری سلێمانی گوتی: چوار دەیەیە گەلی عێراق ئازاری زۆری چەشتووە، چونکە کاتێک سیاسەتێکی خراپ بەرجەستە دەکرێت، هەستێکی ناخۆشت لا گەڵالە دەبێت، گەلی عێراقیش متمانە بە سیاسەتەکانی عێراق لەدەستداوە، کە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت. بۆیە ئێمە دەبێت کار لەسەر گەڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان بکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بۆ گەرانەوەی متمانەی گەلی عێراق، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ حکوومەتێکی بەهێز کە ڕیز گرتن بێت لە هاووڵاتیان بە هەموو پێکهاتەکانەوە.
لەبارەی دووبارە خۆ کاندیدکرنەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، سوودانی گوتی: بەدڵنیاییەوە خۆم کاندید دەکەمەوە، وادەی هەڵبژاردن دیاری کراوە، حکوومەتیش پابەندە بە کاتەکە، هەموو پیداویستییەکیش بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لەبەرچاو گیراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە لەوەی تێبگەین، تێکشکاندنی بێ هیوایی گەلی عێراق، لە ڕێگەی بەشداریی هەڵبژاردنەوە دەبێت، ئەو بەشدارییەش دەبێت ببێتە هۆی پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەروەها ئەو پرۆژە شکستخواردووە گەندەڵیانەی کە هەبوون هیچ لێ بەرهەم نەهات، بۆیە دەڵێم ئەو حکوومەتە توانیویەتی پەیامیکی ئەرێنی بەگەلی عێراق بدات، کە پرۆژەی چاکسازی بەڕێوەیە.
سوودانی باسی لەوەش کرد، ئێمە پرۆژەیەکی سیاسیمان هەیە دەمانەوێت تەواوی بکەین، هەروەها دەمانەوێت قسە لەسە ئامانج و دەستکەوتەکانیش بکەین و هەنگاوە ڕاستەقینەکانیش بخەینە ڕوو، کە هاریکار بوون بۆ دروستکردنی ئەو کەشە.
دەشڵێت: بۆ یەکەم جار ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو لەپەیوەندییەکی دەمارگیرییەوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندیی گفتوگۆی سیاسیی و ئاراستەیەکی باشی وەرگرتووە. ڕاستە لێکدانەوەکان جیاوازن، بەڵام خواست و پێداگیری هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئێمەش توانیومانە زۆرێک لە بەربەستەکان تێپەرێنین، کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵمانن لە حکوومەت و بەشداریی ئەو ڕێگەیەمانن.
دەشڵێت: عێراق وڵاتی دووەمە لە ئۆپیک، گرنگە ژینگەیەکی یاسایی هەبێت، تاوەکوو ئەو کەرتە پەرەی پێبدرێت و بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی باشتری تێدا بکرێت، گوتیشی، بەداخەوە ئەو دۆخەی پەرلەمانی عێراق لە ماوەکانی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕبوو، پرۆژە یاساکە دواکەوتووە. بۆیە ڕژدین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو یاسایە و زەمینەسازی دەکەین بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە.
سوودانی باسی لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئیران کرد و گوتی: ئەو گفتوگۆیە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانە پەیوەندیدارە بەهەردوو وڵات، بەڵام کاریگەریی لەسەر ناوچەکە هەیە، هەروەها عێراق دەستپیشخەری هەبووە بەهۆی ئەو پەیوەندییە نایابەی لەگەڵ هەردوو وڵات هەمانە، بۆ ئەوەی هانیان بدەین بە ئاراستەی دانوستان هەنگاو بنێن و لێکەگەیشتن هەبێت، ئەمەش وەکوو جێگرەوەیەک بۆ ئەو گرژیانەی هەیە، کە کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی سەقامگیری ئەمنی هەبووە.
لە بارەی یاسای حەشدی شەعبی سوودانی ڕوونی کردەوە، یاساکە پەیوەستە بە دامەزراوەکانی ئەمنی و زۆر قوربانیان داوە لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆر، هەروەها یەکێک لە کارەکانی حکوومەت ئەوە بووە ڕێکخستن بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان بکات و چەک لەدەستی خۆیدا بێت، هەروەها حەشدی شەعبی لە دۆخێکدا دروست بوو هەمووان دۆخەکەی دەزانن.
دەشڵیت: بەسەرپەرشتی خۆم لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ڕێکخستنەوەی هەیکەلی حەشدی شەعبی و ئەرکەکانیان دیار بێت، هەروەها لەگەڵ سەرکردایەتی حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی وەزیران قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، یاساکەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و ئیمتیازاتی ئەو چەکدارانە لە بەرچاو گیراوە، چونکە ئەوان بەبێ ئەو ئیمتیازاتانە گیانی خۆیان دەکەن قوربانی.
جەختیشی کردەوە، بوونی هاوپەیمانان لە عێراق بەمەبەستی ڕاوێژکارییە، چونکە ئێستا ڕۆلەکانمان دەتوانن ڕؤلیان هەبێت لە سەقاماگیری وڵات، واتە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانان لە چوارچێوەی پرۆگرامی حکوومەت بووە، هەموو هێزە سیاسییەکان ڕەزمەند بوون لەسەری و دەبیت ئەو پەیوەندییە ڕێکبخەینەوە. گەیشتینە ئەو ڕێکەوتنەی دەبێت لە دوو قۆناغ کۆتایی بە ئەرکەکانی هاوپەیمانان بێت کە قۆناغی یەکەم لە ئەیلوولی 2025ـە و قۆناغی دووەم لە ئەیلوولی 2026ـە .
سوودانی ڕوونیشی کردەوە، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ واشنتن پەیوەندییەکی ستراتیجییە، هەروەها عێراق ڕژدە لەسەر پەرەپیدانی ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیجی، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانان هاوبەشی دوو لایەنەمان هەیە و لەسەر دۆسیەکان کاردەکەین.
گوتیشی: ئاماری گشتی دانیشتووان دەری خستووە ڕێژەی گەنجان لە عێراق زۆرە، کە گەنجان بنچینە و کۆڵەگەی بنیادی عێراقن بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئاستەنگەکان، ئەو گەنجانە قوربانی زۆریان داوە و لەدەستکەوتەکانی عێراق بەشدارن.