سەرۆک بارزانی: کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی هێمای ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەکەمانە

سەرۆک بارزانی لە 38ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بەڵگەیەکی ترە لە دڕندەیی ناحەزانی کوردستان".

لە سی و هەشتەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بەڵگەیەکی ترە لە دڕندەیی ناحەزانی کوردستان و هێمای ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەکەمانە، بەرانبەر زوڵم و داگیرکاری.

 
 
 
 
 

ئێوارەی ڕۆژی 16ی نیسانی ساڵی 1987 ڕژێمی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر بالیسان و گوندەکانی دۆڵی خۆشناوەتی، کە بە یەکەمین هێرشیی کیمیایی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان هەژمار دەکرێت و بەهۆیەوە دەیان کەس لەژن و پیاو و منداڵ شەھید و برینداربوون.

دوای هێرشەکە دەیان هاووڵاتیی لە برینداربووان، کە بۆ چارەسەر گەیەندراوبوونە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و ئەنفالکران، تا وەکوو ئێستاش چارەنوسییان نادیارە.

کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی ئەم گوندانەی گرتەوە:

- شێخ وەسان

- کانی بەرد

- بێراوە

- شیرە

- خەتێ

- بالیسان

- مەلەکان

- دەڕاش