باربارا لیف: لە شەش مانگدا سووریا و لوبنان لە دەست ئەسەد و حزبوڵلا ڕزگاریان بوو
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، لوبنانی و سوورییەکان لە دەست بنەماڵەی ئەسەد و حزبوڵلا ڕزگاریان بووە و دەبێت وڵاتانیش هاوکارییان بکەن.
چوارشەممە، 16-04-2025، باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە میانی بەشداریی لە پانێلێکی نۆیەمین دیداری سلێمانی، باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکوومەتی نوێی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
باربارا لیف گوتی: "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییانی سووریا لە دەست دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد دوای زیاتر لە 50 ساڵ ڕزگاریان بووە. لوبنانییەکانیش لە دەست حزبوڵلا ڕزگاریان بوو. ئێستە لە هەردوو وڵات دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ئاشتی و سەقامگیریی هاتووەتە پێشەوە."
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "پێویستە وڵاتانی ناوچەکەش، هەمووان بێنە پێشەوە و دەستی هاوکاریی بۆ سووریی و لوبنانییەکان درێژ بکەن بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکانیان."
لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاوکاریی ئێران بۆ ئەو ڕژێمە، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی "ئێران لە ماوەی ڕابردوودا هاوکاریی ڕژێمی بەشار ئەسەدی کردووە کە دەستی لە کوشتنی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی بێ تاوان هەبووە، بەڵام ئێستا ئەمەریکا دەیەوێت هاوکاریی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بکات و ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بکات."
باربارا لیف دووپاتیشی کردەوە، کاتێک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە لە کابینەی بایدن و تەنانەت کابینەی ئێستەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکیش، بەردەوام کار بۆ هاوکاریی سوورییەکان دەکات و هەوڵ دەدات گرژییەکانی نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە نەهێڵن و زۆر جیددین لەمبارەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، بە بەشداریی ژمارەیەک بەرپرسى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى، نۆیەمین دیداری سلێمانی، لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی دەست پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 17-04-2025، بەردەوام دەبێت.
تەوەری سەرەکیی دیداری ئەمساڵی سلێمانی "تاوتوێکردنی ئاشتی ناوچەکە"ـەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ "چاتم هاوس"، پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، پەیمانگای عیسام فارس لە زانکۆی ئەمەریکیی بەیروت، دامەزراوەی سەدە و گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
بەشێکی بەشداربووانی دیدارەکە:
1. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق.
2. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
3. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
4. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
5. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
6. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
7. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
8. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
9. عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق.
10. بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆی ئەمەریکیی سلێمانی.
11. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
12. محەممەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق.
13. لویس روفایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان.
14. سەعید خەتیپزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران.
15. باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.
دیدارى سلێمانى لە ساڵى 2013ەوە لە زانكۆی ئهمەریكی– سلێمانی بەڕێوە دەچێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ، لە ژمارەیەک پانێل و گفتوگۆی تایبەتدا، ئەم پرسانە تاوتوێ بکرێن:
1. بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی.
2. دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.
3. شەڕی غەززە و ئۆکرانیا.
4. هەڵبژادنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
5. پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
6. چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریا.
7. پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.