مەسرور بارزانی: هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەت پێک بهێنین
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوادەخوازێت تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە حکوومەتی نوێ پێک بهێنرێت. دەشڵێت: سلێمانی شاری خۆمانە.
کاتژمێر 02:15 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە نۆیەمین دیداری سلێمانی و بەشداریی گفتوگۆیەکی تایبەت دەکات.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی گەیشتنی بۆ زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی کە دیدارەکە تێیدا بەڕێوە دەچێت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ڕێز و سڵاومان بۆ سلێمانی هەیە، شاری خۆمانە."
لە وەڵامی پرسیاری "ئەمڕۆ لە دیداری سلێمانی باس لە چی دەکەن؟" مەسرو بارزانی گوتی: "من نازانم، لەسەر پرسیارەکان دەمێنێت. نازانم پرسیارەکان چۆن دەبن."
مەسرور بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕایگەیاند "ئێستا شوکر بۆ خوا گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی باش بەڕێوە دەچن، بەڵام هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا، حکوومەت پێک بهێنین. ئیتر با چاوەڕێ بین."
ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد "تاوەکوو کۆتایی مانگی چوار حکوومەتی نوێ پێک دەهێنرێت؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "هیوادارم."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، بە بەشداریی ژمارەیەک بەرپرسى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى، نۆیەمین دیداری سلێمانی، لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی دەست پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 17-04-2025، بەردەوام دەبێت.
تەوەری سەرەکیی دیداری ئەمساڵی سلێمانی "تاوتوێکردنی ئاشتی ناوچەکە"ـەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ "چاتم هاوس"، پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، پەیمانگای عیسام فارس لە زانکۆی ئەمەریکیی بەیروت، دامەزراوەی سەدە و گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی کارنامەکە، کاتژمێر 03:00 بۆ 03:30 خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەت دەکات.
بەشێکی بەشداربووانی دیدارەکە:
1. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق.
2. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
3. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
4. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
5. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
6. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
7. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
8. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
9. عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق.
10. بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆی ئەمەریکیی سلێمانی.
11. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
12. محەممەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق.
13. لویس روفایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان.
14. سەعید خەتیپزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران.
15. باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.
دیدارى سلێمانى لە ساڵى 2013ەوە لە زانكۆی ئهمەریكی– سلێمانی بەڕێوە دەچێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ، لە ژمارەیەک پانێل و گفتوگۆی تایبەتدا، ئەم پرسانە تاوتوێ بکرێن:
1. بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی.
2. دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.
3. شەڕی غەززە و ئۆکرانیا.
4. هەڵبژادنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
5. پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
6. چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریا.
7. پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.