سەرۆک وەزیران: گۆڕانکارییەکی خێرا و هەستیار لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیهان، ڕایگەیاند "پێموایە لەوانەیە زۆر زەحمەت بێت، نەک بۆ من، بۆ هەر کەسێک کە خوێندنەوەیەکی  تەواو و ورد بۆ هەموو ئەو ڕووداوانە بکات کە ئێستا لە ئارادان، بەڵام ئەوەی دیارە گۆڕانکارییەکی خێرا و هەستیار لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. ئەو گۆڕانکارییانەش هەندێکیان لەوانەیە چاوەڕواننەکراو بووبن، وەکوو ئەوەی کە بینیمان ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی لە سووریا ڕووی دا. پێموایە لە ئاستی چاوەڕوانکردنی خودی دەسەڵاتی ئێستای سووریا و دەسەڵاتی پێشووتریش نەبوو، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە زۆر خێرا هاتنە کایەوە و بارودۆخێکی نوێیان خوڵقاند بە تایبەتی لە وڵاتی سووریا. "