مەسرور بارزانی: نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، ڕایگەیاند "هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا وایکردووە، ئێستا حکوومەتێکی نوێ بە سیاسەتێکی جیاواز، حوکمڕانی لە ئەمەریکا دەکات کە سیاسەتێکی جیاوازتریان هەیە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ئەو شەڕ و پێکدادان و ناخۆشییانەی لە ناوچەکەدا هەن دیسان ئەمانەش هەمووان کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی ڕووداوەکانی ناوچەکە هەیە. ئێمەش بەدەرنابین لەو گۆڕانکارییانەی هەیە، بەڵام چۆن ئێمە بتوانین خۆمان بگونجێنین؟ هەروەک پێشتریش ئێمە باسمان کردووە، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئێمە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ تەشەنەکردن و خراپترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە نەبین."
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە ئەگەر بتوانین دەورێکی کاریگەر لە یەکنزیکردنی لایەنەکان و باشترکردنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتی بگێڕین، ئەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەم ململانێیە خوانەخواستە و کێشەکان ئاڵۆزتر بکات. نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدایە و خەڵکی ئێمەش ماندوو بووە. خەڵکی ئێمەش چاوەڕێی ژیانێکی باشترە و ئاییندەیەکی باشترە. هەر هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا هەبێت، هەرێمی کوردستان پێویستە خۆی لەو بەرەیەدا ببینێتەوە."