سەرۆکی حکوومەت: پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە بەتایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتدان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی سیاسەتی کابینەی نوێی ئەمەریکا گوتی: "من خوێندنەوەیەکی جیاوازم نییە لەوەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوەی کە لە خودی ئەمەریکییەکان دەبیستین، ئەوان دەیانەوێت بە تایبەتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بکەین. بەڵام چۆنییەتی گەیشتن بە ئاشتی ڕێکاری جیاوازتریان هەیە؛ ئەوان باس لەوە دەکەن، ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە، کەواتا بە کارهێنانی هێز بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکرێت. ئینجا ئەگەر ئەم سیاسەتەکەیان بێت، دەبێت لایەنەکانی تریش بتوانن چۆن تەعامول لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمەریکا بکەن."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: "ئێمە پەیوەندییەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا هەیە، بەتایبەت ئەو برادەرانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان. بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دۆستێکی کۆنی ئێمەیە، هەر وەختی خۆیشی کە سیناتۆر بووە، زۆر پشتیوانیی مافەکانی کوردستان بووە و چەندان بەرپرسی تریش لە شوێنە گرنگەکانی ئەم ئیدارەیە هەن کە دیسان ئەوانیش دۆستی نزیکی ئێمەن. ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانمان لەگەڵیان، بەڵام هەمیشەش هەوڵی ئەوەمان داوە کە عاملی خێر بین و هەرچی بتوانین لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدا بێت، بەتایبەتی خەڵکی کوردستاندا بێت، ئێمە جەختمان لەو خاڵانە کردووەتەوە."