گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بیتوێن پێگەیشت

جۆر و بڕی گوڵەبەڕۆژەی ئەمساڵ بە دڵی جوتیارانە، بەڵام نرخەکەی نا

K24 - رانیە

وەرزی لێکردنەوەی گوڵەبەڕۆژە لە دەشتی بیتوێن و سنووری رانیە دەستی پێکردووە و جوتیاران دەستیان کردووە بە ھەڵگرتنەوەی بەرھەمی ئەمساڵ. کارەکە بەھەرەوەزی دەکرێ و پیاوانی گوند بەیانیان پێش خۆرھەڵاتن دەچنە ناو زەویە کشتوکاڵیەکان دەست بە لێکردنەوەی گوڵەبەڕۆژە دەکەن. لەبەر گەرمای تاقەت پڕوکێنی مانگی تەمووز، کارەکە سەختە، بەڵام جوتیاران بە ھەرەوەزی و گیانی ھاوکاری لەگەڵ یەکتر، ئەو کارەیان ئاسان کردووە.

گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بتوێن بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی گوڵەبەڕۆژە ناسراوە. لەم وەرزەدا دەمە و بەیانیەکی زوو لەگەڵ خۆرھەڵاتن، پیاوانی گوند کۆدەبنەوەو ھەر رۆژێک ھەرەوەز بۆ لێکردەوەی گوڵەبەڕۆژەی ماڵێک دەکەن.

جۆر و بڕی گوڵەبەڕۆژەی ئەمساڵ بە دڵی جوتیارانە، بەڵام نرخەکەی نا، ھۆکارەکەشی بۆ ھاوردەکردنی چەندین جۆر گوڵەبەڕۆژەی بیانی دەگێڕنەوە کە کاریگەری لەسەر نرخی بەرھەمی ناوخۆیی ھەیە.