مارک کیمێت: ئەمەریکا هەرگیز بەرانبەر ئێران ‌هێز ناجووڵێنێت

جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی تاران و واشنتن، ئەمەریکا پەنا بۆ هێز نابات، بەڵکوو بژاردەی دیکە وەکوو جەنگی ئابووری  و فشاری زیاتر دەبێت. دەشڵێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا باشتر دەبن.

چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، مارک کیمێت، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەراوێزی دیداری سلێمانی لە بارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زۆر باشن، هاوکات لە 20 ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی باشی ئەمەریکا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەبارەی جووڵانی هێز لەلایەن ئەمەریکا لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا گوتی: لەو باوڕەدا نیم دانوستانەکان شکست بێنن، بەڵام ئەگەر شکستیان هێنا، ئەوە ئەمەریکا بە هیچ شێوەییەک هێز بەکار ناهێنێت و ناچێتە نێو جەنگەوە، بەڵکو بژاردەی دیکەمان دەبێت وەکوو جەنگی ئابووری و فشاری زیاتر. دەشڵێت، ئێرانییەکان بەوە ناسراون لە گفتووگۆدا پشوودرێژن، بۆیە بە چەند گەڕێکی کۆبوونەوە ناگەینە هیچ دەرئەنجامێک، لەوانەیە ئەم دانوستانە چەندان مانگ و ساڵ بخایەنێت.

ئاماژەشی دا، ڕێککەوتنی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە، هەژموونی ئێران لە عێراق کەم دەکاتەوە، ئەمەش پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا باشتر دەکات. گوتیشی: عێراق بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ ئێران،  هەمیشە لە ژێر هەژموونی ئێراندا دەبێت. ئاماژەشی دا، ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ هەژموون نییە، بەڵام نابێت دەست تێوەردان هەبێت، بەڵکوو دەبیت عێراق خۆی ڕێگە لەوە بگرێت و خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

هاوکات، لەبارەی ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند "پێم وانییە هیچ گۆڕانکارییەکی جوگرافی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات، ئەگەر بشکرێت ئەوە لە سووریا دەبێت، بەهۆی ڕووخانی رژێمی ئەسەدەوە؛ بەڵام ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا ڕژدە لەسەر ئەوەی سووریایەکی یەکگرتوو هەبێت، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو بدات."

گوتیشی: هەموو ئەو ناسەقامگیریەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان داوە، دوای ڕووداوەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و هێرشەکەی حەماس هاتنە ئاراوە؛  ڕاستە حەماس و حزبوڵلا و حووسیەکان لاواز بوونە، بەڵام لە ناونەچوونە، ئەمانەش فاکتەری ناسەقامگیریی ناوچەکەن.