ئێران: ئەنجامی دانوستانەکان بەندە بە ئیرادەی ئەمەریکا

ئێران پێی وایە هەڕەشەکانی ئەمەریکا هێنانی سەربازە بۆ ناوچەکە، پرسیار لەبارەی ڕژدی و نیازی واشنتن سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوانیان، دروست دەکات.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت: ئەنجامی دانوستانەکان بەندە بە ئیرادەی لایەنی بەرامبەر، واتە ئەمەریکا و دەشڵێت: ئەگەر ئەمەریکییەکان وەک خولی یەکەم لە دانوستانەکان بەردەوام بن، بە زوویی دەگەینە لێکگەیشتن.
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە بچێت. خولی یەکەم کە لەلایەن سەڵتەنەتی عومانەوە میوانداریی کرا، هەردوولا بە ئەرێیی وەسفیان کرد.
غەریب ئابادی گوتی: شوێنی دانوستانەکانی داهاتوو تا ئێستا ڕۆمایە.
ڕوونیشی کردەوە، هەڕەشەکان و کۆبوونەوەی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا پرسیار لەبارەی ڕژدی و مەبەستی لێکگەیشتن لە دانوستانەکاندا دروست دەکات.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی: لە خولی داهاتوودا تیشک دەخرێتە سەر دانانی کارنامەی دانوستانەکان و تاقیکردنەوەی جددیەتی لایەنەکان، هەروەها لە ئەگەری لێکگەیشتنێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی دەگرێتە ئەستۆ، چونکە بەبێ ئەو، هەر ڕێککەوتنێک تەنیا کاغەزە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: سەرچاوەی ترس لە ئێران، ڕەنگە وزەی ئەتۆم بێت، کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تاکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو.
جەختی لەوەش کردەوە، بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆممان شاهیدی هیچ لادانێک نەبووە و دانوستانیان لەبارەوە ناکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، سەفەری تاران کرد، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.