ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت کۆ دەبنەوە
هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی و یەکێتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
وابڕیارە، کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-04-2025، هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، کۆ ببنەوە.
کۆبوونەوەکەی هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی و یەکێتی، درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی پیرمامە کە ڕۆژی سێشەممە، 15-04-2025، بەڕێوە چوو و تێیدا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کرا.
وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، ڕەشنووسێک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان هەردوولادا.
دوای تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوەیە، پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەست ھێنا.
لە ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک کورسیی بەدەست ھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێک ھێنا.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێک ھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ یەکێتیی بوو، ھەروەھا 9 وەزارەت بۆ پارتی، پێنج وەزارەت بۆ یەکێتی و چوار وەزارەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بوو.