ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی سعوودیە دەگاتە تاران

خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە
خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە

ئاژانسی ئیسنای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە دەگاتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پشتیوانی کردنی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکات.
سەردانی وەزیری بەرگریی سعوودیە بۆ تاران لە کاتێکدایە، ئێستا دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی پرسی چەکی ئەتۆمی هەیە و دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانی پێشووتری هیوای ئەوەی خواستووە لەگەڵ ئێران لەبارەی پرسی ئەتۆمی بگەنە ڕێککەوتن لەبری ئەوەی پەنا بۆ بژاردەی دیکە ببەن.
لە بەرانبەریشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، هەن دەستوەردان لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکەن و هەوڵ دەدەن ئاستەنگی بۆ دروست بکەن.

پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە لە ساڵی 1943 بەهۆی لەسێدارەدانی حاجییەکی ئێرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە پچڕا، سعوودیە دیسان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 1987 پچڕاند؛ پاش کوژرانی زیاتر لە 400 کەس کە زۆربەیان ئێرانی بوون بەهۆی ئەو کارە تێکدەرانەی کە حاجیانی ئێرانی  وەک بڕینی ڕێگا و سووتاندنی ئۆتۆمبێل و موڵکی گشتی و کوشتنی حاجیانی دیکە بە چەکی سپی کردیان، لەکاتی بەجێ گەیاندنی  فەریزەی حەج لە ساڵی 1407 ـی  کۆچی لە مونا، ئەوەش له پێکدادانێکدا لەگەڵ پۆلیسی سعوودیه، ئەو ڕووداوەش بە ڕووداوەکانی مەککەی ساڵی 1987 ناسراوە.

پەیوەندییەکان لەنێوان سعوودیە و ئێران ساڵی 1991 ئاسایی بووەوە، دواتر جارێکی دیکە لە سەرەتای ساڵی 2016 دوای هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی سعوودیە لە ئێران پەیوەندییەکان گرژیی تێکەوت. دواتر لە 10 ی ئاداری 2023 لە پەکین، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردووە دوای ئەوەی  زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان بە ناوبژیوانیی عێراق، لە بەغدا، کرد.