گوتەبێژی گەشتوگوزار: کار لەسەر پێگەیاندنی نەوەیەک دەکەین بۆ داهاتووی گەشتوگوزار و ژینگە

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەکی ڕێنمایی و هۆشیاریمان لە قوتابخانەکاندا دەست پێ کردووە.

پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "ئێمە دەمانەوێت کار لەسەر پێگەیاندنی نەوەیەک بکەین کە لە داهاتوودا گرنگیی گەشتوگوزار و ژینگەپارێزی و پاکوخاوێنی شوێنە گەشتیارییەکانی لا ببێتە ئەرکێکی ئەخلاقی نیشتمانی و ئاینی، بە شێوەیەکی فەرمی ئەو پڕۆژەیەمان ڕاگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانەوە دەستی پێ بکەین."

ئەو گوتەبێژە گوتی: دەمانەوێت تیمەکانی گەشتوگوزار لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بچنە ناو قوتابخانەکان، لەوێوە کار لەسەر ئاستی هۆشیاریی قوتابیان بکەین، پەیوەست بە کەرتی گەشتیاری، لە گرنگی گەشتیاری لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ناساندنی کوردستانیش کاری لەسەر بکەن.

دەشڵێت: خاڵێکی دیکەی ئێمە لەو پرۆژەیەی هاندانی قوتابیانە و هەست بە بەرپرسیاری بکەن لەبەرانبەر خاک و وڵاتی خۆمان، تاکوو هەر گەشتیارێک کە دێتە خاکی کوردستان، ئاشنا بێت بە کولتوور و مێژووی وڵاتەکەمان.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕاشیگەیاند "ئەمساڵ وەکو تاقیکردنەوەیەک و ئەزموونێک لە هەرێمی کوردستان، چەند قوتابخانەیەک بەسەر دەکەینەوە، بەڵام لەگەڵ دەست پێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دەچینە ناو قوتابخانەکان، چونکە پێمان وایە ئەو بابەتە زۆر گرنگە."