هاوڵاتییەک لەکەرکووک بە تای خوێنبەربوون گیانی سپارد

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای سێ ڕۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە، هاوڵاتییەکی تەمەن 30 ساڵ کە پیشەی گۆشتفرۆشە و خەڵکی گوندێکی سنووری قەزای داقووقە، بە هۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون گیانی سپارد.
سەرچاوەکە گوتیشی: حاڵەتێکی دیکەش تۆمارکراوە و نەخۆشەکە لەژێر چاودێریدایە و باری تەندروستی جێگیرە.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای کۆنگۆ)ش ناسراوە، 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت.
نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە هەڵیدەگرێت و دەیگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.
تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).