سەرۆک بارزانی: دوای ڕاپەڕین گەلی كوردستان لێبووردە بوو و تۆڵەی لە نەیارەكانی نەکردەوە

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد
سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

پێنجشەممە، 17ی نیسانی 2025، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب كرد كە بەبۆنەی كردنەوەی 17ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە دیدارەكەدا، شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و پاڵپشتیكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و سەقامگیریی هەبوو و هەروەها ستایشی كولتووری مێواندۆستی و ڕۆحی یەكترقبووڵكردن و ڕێزگرتنی گەلی كوردستانیان كرد و وەك نموونەیەكی باڵا و جیاواز لە ناوچەكە وەسفیان كرد.

 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب کرد

 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان لەدوای ڕاپەڕین، لێبوردە بوو و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەكانی نەبرد و لاپەڕەیەكی تازەی لە ژیانی سیاسیی خۆی كردەوە.

 سەرۆك بارزانی، لە گوتەكانیدا پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو لایەك پابەندی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بن.

لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەبارەی كێشە جەوهەرییەكانی ناوچەكە و بارودۆخی سووریا، ئامادەبووان كۆمەڵێك پرسیار و تێبینیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.