یانەی قادسییەی کوێتی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات

مەسرور بارزانی لە کاتی ئامادەبوونی لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە دهۆک
مەسرور بارزانی لە کاتی ئامادەبوونی لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە دهۆک

یانەی قادسییەی کوێتی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت: لە دهۆک باشترین مامەڵە و پێشوازییەکی نایاب لە شاندی یانەکەمان کرا.

پێنجشەممە، 17-04-2025، یانەی قادسییەی کوێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند "شێخ فەهد تەلال ئەلفەهد ئەلسەباح، جێگری سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یانەی یەکەمی قادسییە، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کوڕەکەی ئارین بارزانی و جەنابی د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کرد بۆ پێشوازیی گەرم، میوانداری، ئاسانکاری و نەهێشتنی هیچ کۆسپێک لە بەردەم شاندی یانەکەمان، لە کاتی ئامادەبوونیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە پارێزگای دهۆک بۆ بەشداریی لە یاری گەڕانەوەی خولی پاڵەوانەکانی کەنداو."

جێگری سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یانەی یەکەمی قادسییە ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو پێشوازییە نایاب و بەخشندەییەی لە شاندی یانەکەمان کرا، تەنها لەسەر ئاستی فەرمی نەبوو، بەڵکو لەسەر ئاستی جەماوەریش بوو. خەڵکی دهۆک،  بەگەنج و پیرەوە، هێمای میهرەبانی و نموونەی میوانداری و مامەڵەی ڕەوشت بەرز بوون."

شێخ فەهد تەلال باسی لەوەش کردووە، ئەو مامەڵە و میواندارییە سەلمێنەری ئەوەیە "لایەنی وەرزشی باشترین ڕێگایە بۆ لێک نزیککردنەوەی گەلان و چەسپاندنی پەیوەندییە برایەتییان."

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، یانەی وەرزشی دهۆک لە پاڵەوانێتی جامی کەنداو، لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی بووەوە، یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک کۆتایی هات و جامەکەی بەرز کردەوە.

گۆڵەکانی دهۆک لە خولەکەکانی 66 و 93 لەلایەن سیابەند عەگید و مارلۆن دۆس سانتۆس تۆمار کران، تاکە گۆڵی یانەی قادسییەش لە خولەکی 70 لەلایەن محەممەد سۆڵە تۆمار کرا. ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردی دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.