کینیا.. دوو کەس لەسەر بەقاچاخبردنی هەزاران مێروولە دەستگیر کران

دوو مێردمنداڵی بەلجیکیی تەمەن 19 ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کینیا بە هەزاران مێروولەوە دەستگیر کران.

پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، دەزگای ئاسایشی کینیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، ئەو دوو کەسەی دەستگیر کراون،  پێنج هەزار مێروولەیان لە ناو شوشەی بچووکدا هەڵگرتبوو، هەوڵیان دابوو لەگەڵ خۆیاندا بیانگوازنەوە ئەورووپا. 

دەزگای ئاسایشی کینا، ئەو دوو کەسە تۆمەتبار دەکەن بە بازرگانیکردن و بە قاچاخبردنی مێروولەکان بۆ ناو بازاڕەکانی ئەورووپا و ئاسیا. 

هەردوو تۆمەتبارەکە، لە بەردەم دادگای نایرۆبی باسیان لەوە کردوە، بۆ خۆشیی مێروولەکانیان کۆ کردۆتەوە و نەیانزانیوە لە کینیا بردنە دەرەوەی مێروولە قەدەغەیە.

فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی کینیا لەو بارەیەوە ڕایدەگەیەنن، لە بەردەم ئاڵنگاری بازرگانییەکی نوێی نایاساییدان کە بازرگانیکردنە بە مێروولە و زیندەوەرە بچکۆلەکان، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە بازرگانی بە فیل و گیانلەبەرە گەورەکانەوە دەکرا. 

دوو تۆمەتبارەکە، پێنج هەزار مێروولەکەیان لە ناو دوو هەزار و دوو سەد شووشەی بچووکدا هەڵگرتبوو، هەوڵیان دابوو بیگوازنەوە بۆ ئەورووپا، لە کەیسێکی دیکەدا، دوو گەنج هەر لە کینیا بە 400 مێروولەوە دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment