سەندیکای زێڕنگەران: خواست لەسەر زیو زیادی کردووە

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زێر ڕیکۆردی جیهانیی لە بەرزبوونەوەی نرخ تۆمار دەکات، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزی نرخی زێڕ و کەمی داهاتەوە، بەشێکی هاووڵاتییان ڕوویان لە کڕینی زیو کردووە و بەمەش خواست لەسەر ئەم کانزایە لە زیادبوونە.
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ نرخی یەک مسقال زێڕی عەیار 21، گەیشتووەتە 695 هەزار دینار، ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا بگاتە ئەم ئاستە.
گوتیشی: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی جیهانەوە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا بەراورد بە مانگی ڕابردوودا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 75هەزار دیناری چووەتە سەر.
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەران باسی لەوەشکرد، خواستەکە هێندە زۆرە لەسەر زیو، باشترین زیو لە شاری دوبەییەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەرچەندە قەبارەی هاوردەکردنی گەیشتووەتە تۆن، بەڵام هێشتا بەش ناکات.
هەندرێن وەرتی دەڵێت: نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ سێ هەزار و 322 دۆلارە، هەر ئۆنسەیەکیش شەش مسقال و چارگێکە.
سەبارەت بە نرخی زیو لە بازاڕدا ئاماژەیدا، نرخی هەر کیلۆیەک زیو هەزار و 200دۆلارە و ئەگەر نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوە خواست لەسەر زیو زیاتر دەبێت.