فەخری کەریم: ئەوانەی بڕیار لە چارەنووسی عێراق دەدەن لە دەرەوەی وڵاتن

"عێراق بێ هه‌وڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی كورد هیچی پێنه‌كراوه"

سەرۆکی دەزگای مەدا، ستایشی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت: نەك لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقیش سەرکردەیەکی مێژوویی متمانەپێکراو نییە هاوشێوەی سەرۆك بارزانی بە عەقڵانییەت بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانی باڵا بکاتەوە و هەستی نیشتمانپەروەریش لە گرنگیپێدان بە هەرێمی کوردستان پەراوێز نەخات.

پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای مەدا، لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، گوتی: دڵۆخشم بەوەی دوای نزیکەی 25 ساڵ لە ڕێگەی کەناڵەکەی ئێوەوە قسە بۆ گەلی کورد دەکەم، بە داخەوە کە ناتوانم بە کوردی بدوێم هەرچەندە هەندێک شت لە کوردی تێدەگەم.

لە بارەی سەرۆک بارزانییەوە دەڵێت: "هاوڕێم سەرۆک بارزانی گرنگی زۆر بە خوێندنەوە و کتێب دەدات، ئەمەش بەخێر و ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان شکاوەتەوە، هەروەها فاکترێکی سەرەکیی ئەو بەرەوپێشچوونەشە لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە".

هاوکات سەرۆکی دەزگای مەدا باسی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەتوانین بڵێین پێشانگەی کتێب پێشانگەی سەرۆک بارزانییە، پێشانگەکە نیشاندەری ئەوەیە کە ئازادی لە کوردستان هەیە و، هیچ سنوورێک بۆ کتێبەکان نییە جگە لە کتێبە ئایدیا توندڕەوییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، هه‌رێمی كوردستان سه‌كۆیه‌كی ئازادی بۆ چاپكردنی كتێب هه‌یه و جموجۆڵی ڕۆشنبیریش له‌ هه‌رێمەکە زۆر پێشكه‌وتووه.

سەبارەت بە کورد، ناوبراو، باس لەوە دەکات: ده‌یان كه‌سایه‌تی له‌ جیهانیی عه‌ره‌بیدا ڕه‌چه‌ڵه‌كیان كورد بووه‌، هەروەها ڕۆشنبیریی كورد و عه‌ره‌ب كارلێكێكی به‌هێز له ‌نێوانیان هه‌یه.

فەخری کەریم، لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق، دەڵێت: ئەگەر عێراق لە ڕووی سیاسییەوە بەم شێوەیە ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا وڵاتەکە دەبێتە دۆزەخ، چونکە چینێکی سیاسی هەن تەنیا گرنگی بە خۆیان و بەرژوەندییەکانیان دەدەن.

باسی لەوەش کرد، چەند سیناریۆیەک لەبەردەممان زۆر مەترسیدارن لەوانەش دەستوەردانی دەرەکی لە ناوخۆی عێراق، چونکە بەشێک لە بڕیار بەدەستەکانی وڵاتەکە تەنیا فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن و وەلائیان بۆ دەرەوە هەیە.

"هەرێمی کوردستان بەشێکی زیندووی عێراقە"

سەرۆکی دەزگای مەدا، لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: هەرێمی کوردستان بەشێکی زیندووی عێراقە و لە دەستووردا بوون و ڕۆڵ و ئاراستەی خۆی هەیە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کۆمەڵە کەسانێک لە عێراق وێنە قێزەونەکانی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکان و هەڵوێستیان دەرهەق بە گەل و دۆزی کورد دووبارە دەکەنەوە، ئەوان وانە لە سەدام حوسێن و چارەنووسەکەی وەرناگرن، کە هیچ ڕێگەیەك نەما لە دژی کورد بەکاری نەهێنێت وەك چەکی کیمیایی و ئەنفال و وێرانکردنی هەزاران گوند.

گوتیشی: دەمەوێت بڵێم سەدام حوسێن لە کوێ بوو؟ لە چاڵێکی پیس بوو کە شایستەی خۆی و هاوشێوەکانی بوو. لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەداخەوە عەقڵییەتی حوکمڕانی ئێستای عێراق نەك نەگۆڕاوە بەڵکو خراپتر بووە.

جەختی لەوەش کردەوە، عێراق دەبێت لەوە تێبگات کە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێکی نابێت، هەروەها عێراق بێ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی کورد هیچی پێنەکراوە.

هەر لەبارەی سەرۆک بارزانییەوە، فەخری کەریم، دووپاتی کردەوە، نەك لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقیش سەرکردەیەکی مێژوویی متمانەپێکراو نییە هاوشێوەی سەرۆك بارزانی بە عەقڵانییەت بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی باڵا بکاتەوە و هەستی نیشتمانپەروەریش لە گرنگیپێدان بە هەرێمی کوردستان پەراوێز نەخات.