عەباس عراقچی بۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکان سبەی دەچێتە ڕۆما

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

بۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی شەممە دەگاتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا.

دوێنێ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، ئاژانسی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە: شەممە 19ـی نیسان دەچێتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەمەبەستی ئامادەبوون لە گەڕی دووەمی دانووستانە ناڕاستەخۆکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی.

عراقچی دووپاتی کردووەتەوە، ڕۆما لایەنی نێوەندگیر نییە لە دانووستانەکان، تەنها شوێنی دانووستانەکەیە، بەڵکو عوممان وڵاتی نیوەندگیری دانووستانە ناڕاستەوخۆکانە و بەو شوێنە ڕازی دەبن کە لایەنی نێوەندگیر دیاریی دەکات بۆکۆبوونەوەکان، گوتیشی: ئەو ئەرکە تەنها لە ئەستۆی وەزیری دەرەوەی عوممان و وڵاتەکەیدایە.

12ـی نیسانی 2025، گەڕی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وهی ئێران‌ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە چوو.

دوای کۆبوونەوەکەش عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ویتکۆف، لە کەشێکی ئەرێنی و ڕێزگرتن لەگەڵ یەکتر بەڕێوە چوو.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دووپاتی کردبووەوە، دانوستانەکە لەگەڵ ئێران، ئەرێنی بووە.