عەلی  دۆلەمەری: کوردستان بە قوتابیانی زانکۆکانی فەرەنسا دەناسێنین

عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەکاتی پێشکەشکردنی سیمینارەکەی
عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەکاتی پێشکەشکردنی سیمینارەکەی

عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەڕێگەی سیمیناری زانستی، کوردستان وئەزموونی نوێی حکوومڕانی، بە قوتابیانی زانکۆکانی فەرەنسا دەناسێنن، بە ئامانجی ئەوەی لە ئایندە کە دەگەنە ناوەندەکانی دەسەڵات لە وڵاتە، پشتیوانی زیاتری دۆزی کورد بکەن.

هەینی 18ـی نیسانی 2025، عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە زانکۆی ساینس پو لە شاری مونتون لە باشووری فەرەنسا، سیمینارێکی زانستیان دەربارەی(هەرێمی کوردستانی عێراق: دینامیکی ناوخۆیی و تێڕوانینی جیۆپۆلیتیکی) پێشکەش بە قوتابیان و مامۆستایانی بەشی ڕامیاری و دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کردووە.

عەلی دۆلەمەری گوتی: لە سیمینارەکە، بە پوختی باسی هەنگاوەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستانمان کرد وەک یاریکەرێکی سەرکەوتوو لە گوڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

عەلی دۆمەری  لە سیمینارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت و ئاسۆیەکی پرشنگدار بۆ گەلی کورد لە ڕێگادایە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاشکرای کرد، ڕێکخستنی سیمینارە زانستییەکان لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی فەرەنسا، لە چوارچێوەی کار و پلانەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەفەرەنسا بۆ ئەوەی بتوانن پێش زانینەک بۆ ئەو قوتابیانە دروست بکەن کە چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیک بگەنە دەسەڵات و ناوەندە گرنگ و بڕیار بەدەستەکانی فەرەنسا.