ئۆنروا: لە 2ـی ئادارەوە هیچ هاوکارییەک نەگەیەشتووەتە غەززە
ئاژانسی ئۆنروا ڕایگەیاندووە، لە دووی ئادارەوە تاکوو ئێستا، هیچ هاوکارییەک نەگەیشتووەتە کەرتی غەززە.
لە پێگەی(ئێکس)، ئاژانسی ئۆنروا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ماوەیە سێ هێندە زیاترە لەو ئابڵوقەیەی لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەسەر غەززە سەپێندراوە.
ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، سەدا 69ـی دانیشتووانی کەرتی غەززە ئامادەن ملکەچی بڕیاری ڕاگواستنی زۆرە ملێی ئیسرائیل بن، ئاشکراشی کردوەوە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێیانی ڕاگەیاندووە، نزیکەی 420 هەزار هاووڵاتی کەرتی غەززە، دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتەکە، ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە.
ئاشکراشیان کردووە، سەدا 90ـی دانیشتووانی کەرتی غەززە ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستی پێکردووە.
ئاژانسی ئۆنروا دووپاتی کردووەتەوە، بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ڕێگریی کردن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان، وای کردووە قەیرانێکی گەورەی نەبوونی ئاو و خواردنەوە ئاوەڕۆ و شوێنی نیشتەجێبوون لە غەززە دروست بێت.