نیویۆرک تایمز: ئەمەریکا سەدان سەرباز لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکشێنێتەوە

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی سەدان سەرباز لە ڕۆژئاوای کوردستان. 

دوو بەرپرسی باڵای سەربازی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، لە کۆی هەشت بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، سێ بنکەیان چۆڵ کراون و هێزی سەربازی ئەمەریکا لە 2000  بۆ 1400 سەرباز کەمکراوەتەوە. 

یەکێک لە بەرپرسەکان ئەوەی خستووەتەڕوو کە هەندێک لە فەرماندە ئەمەریکاییەکان پێشنیازی ئەوەیان کردووە 500 سەربازی ئەمەریکا لە سووریا بمێننەوە. 

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، دەمێکە بەنیاز بووە هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، ئەو کشانەوەیەی دوێنێ پێنجشەمەش لەسەر پێشنیازی چەند فەرماندەیەکی ئەمەریکا بووە کە لە لایەن پێنتاگۆن و سێنتکۆمەوە پەسەند کراوە. 

ئەو بەرپرسە سەربازیانەی ئەمەریکا ئاشکراشیان کردووە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە مەشقپێکردنی سەربازی بە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا.

ئەو کشانەوەیەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا دوو کاروانی هاوکاریی سەربازیی ناردووەتە بنکە سەربازییەکانی، وەک ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کردبوو، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازیی و لۆجستی کە لە 32 بارهەڵگر پێک هاتبوو، لە دەروازەی ئەلوەلیدەوە گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان.

وەک بڵاوی کردبووەوە، ئەو کاروانە سەربازییەی هاوپەیمانان گەیەندراوەتە بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە پارێزگای ڕمێلان.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردبوو، تەنها لەهەفتەیەکدا، دوو کەڕەت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی سەربازیی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە دەڵێت:هاوپەیمانییەکە لە 8ـی ئەم مانگە(نیسان)، 20 بارهەڵگری دیکەی سەربازیی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و لە بنکەی قەسرۆکی دەورووبەری حەسەکە جێگیریانی کردووە.