باربارالیف: دەخوازم ئیدارەی ترەمپ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکاتە یەکێک لە دۆسییە سەرەکییەکانی عێراق

باربارالیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تایبەت بە کوردستان24 گوتی: کوردەکان دەتوانن ڕۆڵی سەقامگیری لە عێراق و سووریا بگێڕن، جەختی لە پێویستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش کردەوە، چونکە ڕاگیرانی بە زیانی هەموو لایەک تەواو دەبێت.
باربارالیف گوتی: ڕۆڵی کورد ڕوون و ئاشکرایە، دەتوانن ڕۆڵی سەقامگیرکار لە عێراق و سووریا بگێڕن، بەڵام تا ئێستا سیاسەتی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون نییە و نازانم چۆن دەبێت.
باربارالیف گوتیشی: دەخوازم ئیدارەی ترەمپ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکاتە یەکێک لە دۆسییە سەرەکییەکانی عێراق بۆ سەقامگیریی ئەو وڵاتە، ڕێگریی سیاسی و تەکنیکی لە هەناردەکردنەوەی نەوت هەیە.
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: من بڕوام وایە گرووپە چەکدارەکان شێرپەنجەی سەروەری عێراقن، ئەوان بەگوێرەی دەستوور ڕەفتار ناکەن و فەرمانیان لە جێگەی دیکەوە بۆ دێت، من دەمەوێت حکوومەت کۆنتڕۆڵی ئەوان بکات.