سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوح یەڵماز‌ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان تاوتوێ کرد.

ئه‌مڕۆ هەینی18ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ نوح یەڵماز‌، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کرا.

هەروەها باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. لەمبارەیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد بۆ پشتیوانیی لە پرۆسەکە.