سەرۆک بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێی دۆخی ناوچەکە دەکەن

سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 18ی نیسانی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوح یەلماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد، کە پێکهاتبوو لە ئانیل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئیرمان توپچوو کونسوڵی تورکیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکاری دیکەی تورکیا.
لەدیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و ئەگەر و پێشهاتەکان لە داهاتووی ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و پەرەپێدانی دۆستایەتیی نێوان هەردوولا و پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
