تەندروستیی عێراق: 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە

شەممە، 19-04-2025، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، لەمساڵدا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی گیان سپاردن لە عێراق تۆمار کراوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد "لەمساڵدا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراوە."
سەیف بەدر گوتیشی: 6 حاڵەت لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە، چوار حاڵەت لە کەرکووک، هەروەها لە بەغدا و موسەننا، نەینەوا و بەسرە لەهەریەکەیان یەک حاڵەت هەبووە."
ئاماژەی بەوەش کرد، " لە پارێزگای کەرکووک دوو کەس بەهۆیەوە گیانیان سپاردووە، کە یەکێکیان کارمەندی وەزارەتی تەندروستی بووە."
ئەوەشی خستە ڕوو: زۆربەی تووشبووەکان لەنێو ئاژەڵدارەکاندا تۆمار کراون و ئەگەر تووشبوونەکە زوو دەستنیشان بکرێت، چارەی بۆ دەکرێت.
سەیف بەدر، داوای لە هاووڵاتیان کرد، ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان لێ دەرکەوت، سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن." ڕوونیشی کردەوە "تای خوێنبەربوون لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بڵاو بووەتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی مەترسیدارە کە لەلایەن ئاژەڵە تووشبووەکانەوە یان گۆشتەکانیانەوە دەگوازرێتەوە، هەروەها بەهۆی گەنەوە دەگوازرێتەوە، و تووشی مانگا و مەڕ و ئاژەڵەکانی دیکە دەبێت."
باسی لەوەش کرد "ساڵی ڕابردوو ژمارەی تووشبوون و گیان سپاردن تۆمارکرا بوو. جەختیشی کردەوە، پێویستە گۆشت لە پلەی گەرمیی نزم هەڵبگیررێت، لە کاتی ئامادەکردنیدا بۆ خواردن، ماوەیەکی زۆر بکوڵێنرێت."