خاوەن تانکەرانی گواستنەوەی قیر لە عەربەت ناڕەزایی دەردەبڕن

ژمارەیەک لە شوفێر و خاوەن تانکەرانی گواستنەوەی قیر، بەرامبەر گواستنەوەی شوێنی پسوولەی پارەی بارەکەیان بۆ شوێنێکی دوورتر، بە خۆپێشاندان و وەستاندنی کارەکانیان، ناڕەزاییان دەربڕی و دەڵێن: بەهۆی دوورکەوتنەوەی شوێنی بڕینی پسوولەکانمان، کرێی زیاترمان دەکەوێتە سەر.
یەک لە شوفێرەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کارگەکانی قیر لە عەربەتن، لە عەربەت قیر بار دەکەین و لەوێوە پسوولەیەک بۆ بارەکە وەردەگرین و دەچین بۆ مەرز. بەڵام ئێستا ناچارمانیان کردووە  تانکەرەکان بە بەتاڵی ببەین بۆ کانی پانکە و لەوێ پسوولەی پارەی پێنج هەزار دیناری باری قیرەکە بکەین، ئینجا بێینەوە بۆ عەربەت بۆ بارکردنی قیر و پاشان بچین بۆ مەرز! دەڵێت: ئەو هەموو ترێلە و بارهەڵگر و تانکەرە لەسەر ئەو ڕێگەیە قەرەباڵغی دروست دەکەن.  داوای کرد هەروەک جاران لەنێو کارگەی قیرەکە پسوولەی پارەی بارەکەیان بۆ بکرێت و زەحمەتیمان بۆ دروست نەکەن.
شوفێرێکی دیکەی تانکەرەکان گوتی: لە عەربەتەوە بە بەتاڵی دەمانێرن بۆ چەنەخچیان و دەڵێن لەوێ قەپانی بار بکەن و وەرنەوە. ئەوەش گرفتی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست دەکات، چونکە هەر تانکەرێک نزیکەی 13 بۆ 14 مەتر درێژە، لە شەقامەکە کە دەسووڕێنەوە، دەمێک شەقامەکە دەگرن. دەڵێت: ئەوان گوێ بە زەحمەتی خەڵک نادەن، تەنها بیر لەو پێنج هەزارە دەکەنەوە کە لەهەر شوفێرێکی وەردەگرن وەک پسوولە، دوو نوێنەریشمان گیراون و نازانین لەسەر چی گیراون. دەشڵێت: هیچ بارێک بار ناکەن تاکوو کێشەکەیان چارە دەکرێت.