کەسێک خانووێک بۆ پشیلە بێلانەکان بەکرێ دەگرێت

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناسریەی پارێزگای زیقار، خانووێکی بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی پشیلە بێلانەکانی تێدا بەخێو بکات، ئەو باس لەوە دەکات، ئێستا 200 پشیلە لەو خانووە بەخێو دەکات، ڕۆژانە خواردن و خواردنەوەیان پێدەدات.

لە خانووێکی 120 مەتر چوار گۆشە، 200 پشیلە هەن، ئەوەی لای عەقیل دەستیان دەکەوێت، لە شوێنی دیکە دەستیان ناکەوێت، ئەویش خۆشەویستی و چاودێرییە.

چیرۆکێک لە قوڵایی خەمەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک عەقیل چەند پشیلەیەکی بێلانە دەبینێت لەسەر شەقامەکان کەوتوون، بڕیار دەدات لایەنەیەکی پارێزراویان بۆ دابین بکات.

عەقیل خەفاجی، خۆبەخش لەبواری ئاژەڵان دەڵێت: یەکەم پشیلە کە بۆیان هێنام، نەخۆشبوو، لەنێو دوکانەکەم چارەسەرم دەکرد و خستبوومە نێو قەفەسێکەوە، بینیم ڕۆژانە ژمارەکە زیاتر دەبوو، منیش هەژمارێکی تایبەتم بەخۆم کردەوە بەناوی ( تیمی ڕزگارکردنی ئاژەڵان)، ڕۆژانە خەڵکی پەیوەندییان پێوە دەکردم، منیش دەچووم بۆ فریاگوزارییان، هەندێکیان شکانیان هەبوو، یاخود ئۆتۆمبێل لێیانی دابوو، کاتێک پشیلە ئێسکێکی دەشکێت، یاخود ئارەزووی جووت بوون دەکەن، فڕێیان دەدەنە سەر شەقامەکان .

لە سەرەتادا پشیلەکانی لە دوکانەکەیدا بەخێو دەکرد، خواردن و چارەسەریی پێدەدان، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەشیاندا، چیدیکە شوێنەکەی جێگەی ئەو هەموو پشیلەی لێ نەدەبوویەوە، بۆیە ناچار، سەرباری نەبوونی پشتیوانی لەلایەن حکوومەتەوە، خانووێکی بەکرێ گرت و کردی بە پەناگەیەک بۆ پشیلەکان.

عەقیل گوتی: دیاردەکە زۆرە لە ناسریە، ئێستا 200 پشیلەم لایە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم یارمەتیمان بدەن و پزیشکی ڤێرتەرنەری سەردانی ئەو پشیلانە بکات، چونکە ئەوە کارێکی مرۆییە و لەپێناو قازانج ئەنجامی نادەم.

کوڕێکی بچووکی عەقیل کە لە تەنیشت خوشکە بچووکەکەی دانیشتبوو، هەر یەکێکیان پشیلەیەکیان لە باوەش گرتبوو، گوتی: خواردن و ئاویان پی دەدەین، کەسێک پشیلە دەکڕێت، دەبێت بزانێت ئەوە یاری نییە، بەڵکو ئاژەڵە و ڕۆحی لەبەرە.

دەستپێشخەرییەکەی عەقیل نموونەیەکی بەزەیی بێدەنگە کە زۆر جار لە شەقامی عێراقی نابیندرێت، بەتایبەت بەرامبەر ئاژەڵە بێلانەکان.