موسا ئەحمەد: ئەو کەمپانەی لە کوردستان هەن لە کەمپەکانی تورکیا و لوبنان و ئوردن باشترن

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە پانێلێکی پێشانگای کتێب لە هەولێر گوتی: کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتییان دەکات، لە کەمپەکانی ئوردن و تورکیا و لوبنان باشترن لەڕووی خزمەتگوزارییەوە.

موسا ئەحمەد گوتی: دەزگای خێرخوازی بارزانی نوێنەرایەتی کەیسی مرۆیی دەکات لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگاکە دەرخەری هزری بارزانی نەمرە بۆ پرسی پێکەوە ژیان و کاری مرۆیی و ژینگە دۆستی.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: هەوڵمانداوە هەماهەنگی لەنێوان وڵاتانی کۆمەک بەخش و سەرمایەداران و خێرخوازان دروست بکەین، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.

ئاماژەی بەوە کرد، کلتووری کاری خێرخوازیی لە کوردستان هەمیشە بوونی هەبووە، دەڵێت: ئەو کلتوورە خاڵێکی ئەرێنی وڵاتی ئێمەیە، ئێمەش هەوڵمانداوە ئەوە کارە خێرخوازییە ڕێک بخەین و متمانە لەنێوان هاووڵاتییان و خەڵکی خێرخواز دروست بکەین.

موسا ئەحمەد گوتی: دەزگای خێرخوازی بارزانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنی هەیە، لە بەریتانیا و ئەمەریکا مۆڵەتی هەیە، سەرباری ئەوەی ئێستا لە هەوڵداین مۆڵەتی کارکردن لە سووریا و تورکیا و ئەڵمانیا وەربگرین.

سەرۆکی دەزگای بارزانی ئاشکرای کرد، زیاتر لە 28 کەمپ بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن کە کارێکی ئاسان نییە، دەڵێت: لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە خزمەتگوزارییەکانی ئەو کەمپانەی کوردستان سەرسامن، گوتی: ئەگەر خەڵکی خێرخواز نەبووایە، نەدەتوانرا ئەو کارانە بکرێت، کەمپەکانی هەرێمی کوردستان جیاواز و باشترن  لەو کەمپانەی لە تورکیا و لوبنان و ئوردن هەن.