تەندروستیی غەززە: زیاتر لە 90 هاووڵاتی بەهۆی بۆردومانەکانی 48 کاتژمێری ڕابردووی ئیسرائیل کوژراون

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

ئیسرائیل بۆ مەبەستی فشارکردنە سەر حەماس، تا بارمتەکان ئازاد بکات، هێرشەکانی لە سەرانسەری کەرتی غەززە چڕتر کردووەتەوە، وەزارەتی تەنروستی کەرتی غەززەش دەڵێت: تەنیا لە 48 کاتژمێری ڕابردوو 90 هاووڵاتیی فەڵەستینی بەهۆی بۆردومانەکانەوە کوژراون.

شەممە 19ـی نیسانی 2025، وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕۆژانە هاووڵاتییەکی زۆر دەکوژرێن و بریندار دەبن، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا زۆر بە چڕی کەرتەکەی بۆردومان کردووە.

وەزارەتەکە دەڵێت: تەنیا لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوو، بەهۆی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 90 هاووڵاتیی فەڵەستینی کوژراون، لە نێو کوژراوان ژن و منداڵ هەن.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 90 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل هێرشەکانی لە سەرانسەری غەززە چڕتر دەکاتەوە بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر حەماس بۆ ئازادکردنی ئەو دیلانەی کە دەستی بەسەردا گرتووە.

بە پێی زانیارییەکانی مێدیا ئیسرائیلییەکان، وڵاتەکە بەڵێنی داوە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر بکاتەوە، تا فشاری زیاتر لە حەماس بکات بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان. ماوەی شەش هەفتە ئیسرائیل گەمارۆی غەززەی داوە و ڕێگریی لە هاتنە ژوورەوەی خۆراک و کەلوپەل دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا، زەنگی مەترسییان لێدا و هۆشداریاندا لەوەی هەزاران منداڵ لە کەرتی غەززە بە دەست کەمی خواردنەوە دەناڵێنن، هەروەها زۆرینەیان ڕۆژانە بە ئەستەم یەک ژەمیان دەست دەکەوێت.