شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە چیکە
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری چیکیان کردووە و لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا کۆڕبەندێکی هاوبەشی کشتوکاڵی لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو.
چەند رۆژێکە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پراگی پایتەختی چیکە. جگە لەوەی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە، هاوکات کۆڕبەندێکی هاوبەشی کشتوکاڵی لە نێوان هەرێمی کوردستان و چیک بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوە دکتۆر قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دیدار و کۆبوونەوە و کۆڕبەندی هاوبەش، هاوکات چەندین سەنتەر و ناوەندی زانستییان بەسەر کردووەتەوە؛ لەوانە سەنتەری زانستی پەروەردەی ئاژەڵ، کۆمەڵەی ئاژەڵداران و کۆمپانیاکانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵی.
هەروەها شاندەکە سەردانی ماڵی ئاو، دەسەڵاتی رووباری ڤڵتاڤا، پۆندی شڤیهۆڤ و وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ژێلیڤکا کرد، ئەوەش بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لافاو. لە بواری تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵیشدا، سەردانی کۆمەڵگەی بۆهیمیا ئەپل کرا بۆ ناسینی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی ئاودێری و خانووی پلاستیکی بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو ئەزموونانە بۆ هەرێمی کوردستان.
شاندەکە چەند رۆژێک لە پراگ دەمێنێتەوە و دەیانەوێت هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە بواری کشتوکاڵ و بە تایبەت سامانی ئاژەڵ و بەڕێوەبردنی سامانی ئاو فراوان بکەن و هەردوولا سوود لە ئەزموونی یەکتر وەرگرن.