سەرچاوەیەک: ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی چوار دەنێردرێت

ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی چوار ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت. 

یەکشەممە، 20-04-2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتەکەمان دەچێتە بەغدا، لیستی مووچەی مانگی نیسان (چوار) لەگەڵ خۆی دەبات و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات."

بە گوتەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24 "لیستی مووچەی مانگی چوار، کە لەسەر بنەمای لیستی مووچەی هەر سێ مانگی یەک، دوو و سێی ئەمساڵ ئامادە کراوە، بێ کەموکورتییە و هیچ بیانوویەکمان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەهێشتووەتەوە."

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا "دەمانەوێت لە زووترین کاتدا وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو ببێت و مووچەکە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرج بکرێت."

ڕۆژی چوارشەممە، 26-03-2025، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ڕۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە کرا.