لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەڕێوەچوو
هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کۆبوونەوە و تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان کرد.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کۆبوونەوە."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارو چاڵاکیەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرا، هەردوولا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێ کرد. لە بەرانبەردا گوێ لە بیروڕای کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەم ڕووەدا گیرا."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، 19-04-2025، کۆبوونەوەکەی نێوان نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە بڕیار بوو لە بەغدا بکرێت، دوا خرا.
پیشتر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە میانی بەشداریی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ڕایگەیاندبوو، دەیانەوێت "بە زووترین کات" نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە.
عەبدولغەنی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕتدا بەشێکە لە بودجەی عێراق، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لەسەر هێڵین بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی میکانیزیمی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگای بۆریی نەوتی عێراق_ تورکیا، چونکە پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و هەمەچەشنکردنی پشتگیریکردنی سامانی عێراقی و باشترکردنی بۆ هەردوو حکوومەت."
لە ئاداری 2023ـەوە، بەهۆی بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە. تاوەکوو ئێستا چەند جارێک کۆبوونەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێئەنجام بوون.

