هونەرمەندێکی ناوداری سعوودی گۆرانییەک بەسەر 'مەسرور بارزانی'دا دەڵێت

عەبدولمەجید عەبدوڵڵا، هەنەرمەندی بەناوبانگی سعوودی، بەشی دووەمی گۆرانیەکەی لەژێر ناونیشانی 'مەسرور شانازی'یە بڵاو کردەوە، کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ملیۆنێک و 150 هەزار بینەری هەبووە.

گۆرانیەکە، گوزارشت لە سۆزداری و نیشتمانپەروەریی دەکات، نەک تەنیا لەنێو هەوادارانی ئەو هونەرمەندە، بەڵکو لەنێو خەڵکی کوردستان و خۆشەویستانی کوردستانیشدا.

هونەرمەند، لە گۆرانییەکەیدا جوانی کوردستان و دەستکەوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە، کە وشەکانی پڕە لە سۆز و هەست.

هونەرمەند، عەبدولمەجید عەبدوڵلا، گوزارشت لە خۆشەویستی خۆی دەکات بۆ خاکی کوردستان و شانازیی خۆی بەو پێشکەوتنەی کە هەرێم لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بەدەست هاتووە؛ ئەم پێشکەوتنە، لە ڤیدیۆ کلیپی گۆرانییەکەدا تیشکی خراوەتە سەر، هەروەها تیشک خراوەتە سەر هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

لە سەرەتای گۆرانییەکەدا کە تێکستەکەی هی 'عەبدوڵلا مەلحەم و میوزیکەکەی فایز سەعیدی'یە دەڵێت:

بە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و شێتانە خۆشم دەوێی

گەردوون دەزانێت و بوونەوەرەکان دەزانن

بە هەستەوە گۆرانیم بۆ تۆ گوت، ئەی قەدرگران
خەڵکیش وەکوو من بە خۆشەویستیەوە گۆرانی بۆ تۆ دەڵێن

لە گۆرانییەکەدا دووبارەی دەکاتەوە:

"من کوردم و خاکی کوردم خۆشدەوێت"

من بە عەشقی تۆوە دەژیم

کوردیت و دووبارەی دەکەمەوە کوردیت

من شەیدای تۆم

ئەو گۆرانییە، نەک هەر کارێکی هونەریی نایابە، بەڵکو بووەتە سروودێکی شانازیی و سوپاسگوزاری بۆ پێشکەوتنی کوردستان، هەروەها ئەو هونەرمەندە مەسرور بارزانی بە "پیاوێکی دڵسۆز کە لە لووتکەیەکەوە بۆ لوتکەیەکی تر دەتبات" وەسفی کردووە، ئاماژەیەکی ڕەمزییە بۆ ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێم لەژێر سەرکردایەتی ئەودا بەدەستی هێناوە.

گۆرانییەکە لە سۆشیال میدیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کراوەتەوە، چالاکوانان و هەوادارانیش هاشتاگەکانیان زیاتر لە پلاتفۆرمێکدا بڵاو کردووەتەوە و بووەتە ترێند، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گۆرانییە نیشتیمانیەکان.