پاپا فرانسیس کۆچی دوایی کرد

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی داوایی کرد.

کاردینال کیڤن فارێل، سەرۆکی کارگێڕیی و دارایی فاتیکان ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، پاپا فرانسیس، کۆچی دوایی کرد و کیڤن فارێل، ڕایگەیاند "کاتژمێر 7:35 بەیانی ئەمڕۆ، فرانسیس، ئەسقەفی ڕۆما، کۆچی دوایی کرد؛ ئەو هەموو ژیانی بۆ خزمەتی خوا و کەنیسەکەی تەرخان کردبوو. 

ڕاشیگەیاند "ئێمە لەوەوە فێربووین لە سایەی بنەماکانی ئینجلیدا، بە ئازایی و وەفا و خۆشەویستیی گشتییەوە بژین، بەتایبەت لە هەمبەر هەژاران و پشتگوێخراواندا". 

گوتیشی: ئێمە لەگەڵ ڕێز و پێزانینماندا بۆ ئەو، وەک قوتابییەکی ڕاستەقینەی یەسوعی مەسیح، دوعاخوازیی لە ڕۆحی پاپا فرانسیس بۆ ئامێزی پڕ لە خۆشەویستی و بەخشندەیی خوای تاک و تەنیا، دەکەین.

ناوی پاپا فرانسیس، خورخێ ماريۆ بێرگۆلیۆیە لە 17ی کانوونی یەکەمی 1936، لە ئەرجەنتین لەدایک بووە، لە 13ـی ئاداری 2013 بە پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ڕۆژی 31ـی ئایاری 2014 له‌ ڤاتیكان پێشوازیی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد  له‌و دیداره‌دا، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ لێشاوی هاتنی ئاواره‌كانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پێكهاته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌ره‌ڕای تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڤاتیكان، باسیان له‌ ڕه‌وشی كریستیانە ئاواره‌کان و په‌نابه‌رانی سووریا كرد، كه‌ په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنابوو‌.

 

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی 19 ی شوباتی 2020، سه‌ردانی قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكانی كرد و تابلۆیەکی پێشکەش بە پاپا فرانسیس کرد، تابلۆکە گوزارشتی لە پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ ئایینی و كولتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستانی دەکرد.

پاپا فرانسیس ڕۆژی 7ـی ئاداری 2021، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی کرد و سه‌ره‌ڕای دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم، سه‌ردانی هه‌ندێک شوێنی دیكه‌شی کرد، كه دانیشتووانەکانی به‌هۆی هێرشی تیرۆریستان و ناكۆكیی تایفی لە عێراق په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنابوو.

پاپا فرانسیس بە گەورەترین داکۆکیکار لە مافی کۆچبەران ناوبانگی دەرکرد بوو، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە گەرمەی شەڕی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر داڵدەی ژمارەیەکی زۆری لە پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی کرد، هۆکار بوو تاوەکوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری مووسڵ و قەرەقووشی کرد و لەوێ نوێژی بۆ ئاسوودەیی گیانی قوربانییانی شەڕی دژ بە تیرۆری کرد.

هەروەها لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەولێر، پاپا فرانسیس قەداسی پیرۆزی مەزن ساز کرد.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment