ئازاد حەمەدەمین: کۆنگرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان پەیوەندیی بە ڕێککەوتنی سیاسی هەیە

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، نامانەوێت کۆنگرە ببێتە هۆی پەرت بوونی ڕۆژنامەنووسان و زیان بە پیشەکەیان بگەیەنێت.

دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025،  ئازاد حەمەد ئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "دواکەوتنی کۆنگرەی سەندیکا پەیوەندیی بە ڕێککەوتنی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداربن لە کۆنگرەدا، چونکە کۆنگرەیەکی سەرانسەریی تێکڕای میدکارانی هەرێمی کوردستانە."

دەڵێت: ئێمە دەمێکە بڕیارمان داوە کۆنگرە بکەین، بەڵام نامانەوێت کۆنگرە ببێتە هۆی پەرت بوونی ڕۆژنامەنووسان و زیان بە پیشەکەیان بگەیەنێت.

دەشڵێت: زۆربەی سەندیکاکان کۆنگرەیان دواکەوتووە، هەر وەک چۆن پەرلەمان پەکی کەوتووە و دروستبوونی حکوومەت دوا کەوتووە، ئێمەش دوا کەوتووین و چاوەڕێ دەکەین یەکگرتووی لایەنەکان لە کوردستان بێتە دی و ئێمەش کۆنگرەیەک بکەین کە سەرانسەری و سەرکەوتوو بێت، بۆ ئەوەی ئەو ئالنگاریی و کێش و گرفتەی هەیە چارەی بکەین.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ سەرجەم لق و لایەنەکان بە شێوازێک ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکا دەکاتەوە، وەکو ئەنجوومەن و سەندیکاش لە 22ـی نیسان لە یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی و 27 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.

باسی لەوەش کرد لە مەراسیمەکەدا، خەڵاتی زێڕین دەدەینە جەمال خەزنەدار، کە یەکێکە لە ئەرشیفیستەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و لەگەڵ ئەنجامدانی دوو پانێل، لەسەر ڕێفرۆم و ڕێکخستنی میدیا لە کوردستان هەروەها باس لە زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر میدیا دەکەین.

ئازاد حەمەد ئەمین ڕاشیگەیاند "زیاتر لە سێ هەزار ڕۆژنامەنووسی کارا لە هەرێمی کوردستان هەیە، ڕۆژنامەنووسانی دیکەش، هەیە لە کارەکەی بەردەوامە و هەشە مردووە یان خانەنشین بووە، یاخود سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردووە."

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment