سەرچاوەیەک: لە 24 كاتژمێری داهاتوودا لیستی مووچه‌ی مانگی چوار ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا لیستی مووچه‌ی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەکرێت.

دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی 24کاتژمێری داهاتوودا لیستی مووچه‌ی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بۆ ئەوەی بەغدا تەمویلی مووچە بکات چەند داواکاریی هەیە و ئەوانیش، پێویستە هەموو مانگێک پێداچوونەوە بە بودجەی مانگی ڕابردوو بکرێت،  داهاتی ناوخۆ ئامادە بکرێت کە نزیکەی 50 ملیار دینارە، لیستی مووچەش ڕەوانە بکرێت، ئەمانە داواکاریین و هەموویان ئامادەکراون لە ماوەی 24کاتژمێری داهاتوودا ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەدا نییە و ئامادەیە، چونکە لەسەر بنەمای مانگەکانی ڕابردوو ئامادە کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 26-03-2025، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ڕۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە کرا.