ئەمشەو  تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی بە لیستی مووچەوە دەچێتە بەغدا

بریارە ئەمشەو تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە لیستی مووچەی مانگی چوارەوە بەرەو بەغدا بەرێ بکەوێت و سبەی لیستی مووچە ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات.

بریارە ئەمشەو تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە لیستی مووچەی مانگی چوارەوە بەرەو بەغدا بەرێ بکەوێت و بڕیارە سبەی لیستی مووچە ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی كوردستان24 شاندەکە ئەمشەو بەڕێ دەکەوێت کە جگە لە لیستی مووچە  و داهات و خەرجیش ده‌بات.

بڕیار وایه‌ سبەی لەگەڵ دەسپێکردنی دەوامی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ لیستی مووچە بۆ پێداچوونەوە ڕاده‌ستی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت.

بەپێی بە دواداچوونەکانی كوردستان24 چاوەڕوان دەکرێت سبەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی  بۆ مانگی سێ ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی بکات.

دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا لیستی مووچه‌ی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بۆ ئەوەی بەغدا تەمویلی مووچە بکات چەند داواکاریی هەیە و ئەوانیش، پێویستە هەموو مانگێک پێداچوونەوە بە بودجەی مانگی ڕابردوو بکرێت،  داهاتی ناوخۆ ئامادە بکرێت کە نزیکەی 50 ملیار دینارە، لیستی مووچەش ڕەوانە بکرێت، ئەمانە داواکاریین و هەموویان ئامادەکراون لە ماوەی 24کاتژمێری داهاتوودا ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی له‌وه‌ش كرد، هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەدا نییە و ئامادەیە، چونکە لەسەر بنەمای مانگەکانی ڕابردوو ئامادە کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 26-03-2025، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ڕۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە کرا.