127 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 127 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا تێدەپەڕێت، هەر لەم ڕۆژەدا دەیان چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن.

 سێشەممە، 22ـی نیسان، 127 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی تێپەڕ دەبێت. لە ساڵی 1898 یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ڕۆژنامەی (كوردستان) لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە، لە قاهیرە، پایتەختی میسر، بڵاو کرایەوە.

 ڕۆژنامەی كوردستان بە زاراوەی كرمانجی سەروو، بە تایبەت شێوەزاری ناوچەكانی جەزیرە و بۆتان دەرچووە هەروەها دوو هەفتە جارێك یان درەنگتر بڵاو دەكرایەوە.

ڕۆژنامەی كوردستان تا ژمارە پێنجی، میقداد مەدحەت بەدرخان، سەرنووسەری‌ بووە، لە دوای‌ ئەو ژمارەیەوە عەبدولڕەحمان بەدرخانی‌، برای‌ ئەركەكەی وەرگرتووە.

ڕۆژنامەی كوردستان، سەرجەم 31 ژمارەی لێ دەرچووە، ژمارە یەك تا پێنجی لە قاهیرە، ژمارە شەش تا 19 لە جنێڤ، 20 تا 23ی‌ دیسانەوە لە قاهیرە دەرچووە. هەروەها ژمارە 24 لە لەندەن، ژمارەكانی 25 تا 29 لە ڤۆڵكستۆن، ژمارە 30 و 31 لە جنێڤ دەرچوون.

دوا ژمارەی ڕۆژنامەكە لە 14ی‌ نیسانی‌ 1902 بڵاو كراوەتەوە. ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو، چەند ژمارەیەکی ڕۆژنامەکە لە لایەن د. مارف خەزنەدارەوە دۆزرانەوە و چاپکران. پاشتر، سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەکە، جگە لە ژمارە 19، کە تا ئێستەش نەدۆزراوەتەوە، لە لایەن د. کەمال فوئادەوە دۆزرانەوە و پێکەوە چاپ و بڵاوکرانەوە.

ڕۆژنامەی‌ كوردستان ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە داكۆكیكردن و بووژاندنەوە و گەشەكردنی هەستی نەتەوایەتی‌ و خەباتكردن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد.
 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment