بەرگریی شارستانیی سۆران: بە 64 تیم بەردەوامین لەگەڕان بەدوای مامۆستا ئاڤێستا

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، گەڕان و پشکنینمان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەردەوامەلە گەڕان بە دوای مامۆستا ئاڤێستا.

سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تا ئێستا  18ڕۆژ، واتە  426 کاتژمێر، بەردەوامین لە گەڕان بە دوای مامۆستا ئاڤێستادا.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئێمە هەر هەڵمەتێکمان بۆ هەر کەیسێک سێ مانگە، مانگی یەکەم گەرماوگەرمە، دووەم مانگی دەیکە بە هەفتەی دوو ڕۆژ لە مانگێکدا واتە هەشت ڕۆژ بەدوای خنکاوەکەدا دەگەڕێین، لە مانگی سێیەم هەفتەی ڕۆژێکە، ئێمە هەوڵەکانمان بەردەوامە و ناهێڵین بگاتە ئەو ماوەیە.

دەشڵێت: ڕووبەریی 25 کیلۆمەترمان هەیە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان گەڕان و پشکنینمان هەیە، لە ژێر ئاو لەسەر ئاو  و لە قەراغ ئاوەکە، لەو شوێنی کەوانەییە و ئەو شوێنانەی کە گومانی گیربوونی  تەنەکان هەیە، بە  غەواس، بەلەم، قولاپ، درۆن، کامێرا بەدوای تەرمەکەیدا دەگەرێین.

ئاماژەی بەوەش دا، بە دریژایی 150 کیلۆمەتر لە دیوی قەندیل تا خەباتمان هەیە، 40 تیم هی ئەوانە و 24 تیمی جێگریشمان هەیە، لەو ژمارەیە دوانیان دەتوانم بڵێم 24 کاتژمێری بەردەوامن لە گەڕان و کێوماڵکردن.

موقەدەم کاروان میراودەلی، ڕاشیگەیاند "هەموو خەرجییەکانمان لە ڕێگەی خۆمانەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری و بەڕێوەبەرایەتیمان دابین دەکرێت، بۆ هەر ڕۆژێک 220 کارمەند لە خواردنی سێ ژەمە و مانەوەیان دابین دەکەین. تاکو کارمەند ئەو وزەی هەبێت کە سەرفی دەکات، گوژمەی خەرجییەکانمان لە دوای ڕاپۆرتی سێ مانگەیە هەژمار دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، کە کارەکانیان ئاسان نییە، هێنان و بردنی خۆبەخشەکانیش هەر لەسەر ئەرکی ئێمەیە، چونکە کاری خۆبەخشەکانیش ئاسان نییە، پێویستە بایەخیان پێ بدەین. ئێستا یەک تیمی خۆبەخشمان لا ماوە ئەوانی دیکە تیمە خۆجێیەکانن، کە غەواسەکانی مێرگەسۆر و سۆران و بلێ و بارزانن.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment