تره‌مپ TikTok راده‌گرێت
به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌یان ده‌زانن
K24- مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریكا:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئێواره‌ی 31ی ته‌ممووز، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له فلۆریدا به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: "له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له رێگه‌ی فه‌رمانێكی نوێی جێبهجێكارییهوه پلان بۆ راگرتنی TikTok له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داده‌نێین".
گوتیشی: "ئێمه رێگری له‌و گاڵته‌جاڕییه ده‌كه‌ین".
ئه‌م ئه‌په (App) رێگه به به‌كارهێنه‌رانی ده‌دات، گرته‌ی كورته ڤیدیۆكان وه‌ك كارێكی سه‌ربه‌خۆ تێیدا جێبه‌جێبكه‌ن. خاوه‌ندارێتی ئه‌م تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ كۆمپانیای ByteDance چینی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی نیۆرك پۆستی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌مڕۆ 1ی ئاب، نه‌ك تره‌مپ، به‌ڵكو به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران TikTok به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكای ده‌زانن. له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له شاره‌زایانی سایكۆلۆژی به تێكدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و گاڵته‌جاڕی وه‌سفی ده‌كه‌ن.
تره‌مپ رایگه‌یاند، رۆژی 2ی ئاب ئه‌و كاره جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به هیچ فه‌رمانێكی جێبه‌جێكردن بدات.
هه‌روه‌ها سه‌رله‌به‌یانی 1ی ئاب، گوته‌بێژی TikTok به كه‌ناڵی ئه‌ی بی سی نیوزی راگه‌یاند: "ئه‌مه حه‌قیقه‌ته، نزیكه‌ی 100 ملیۆن ئه‌مه‌ریكی TikTok بۆ خۆشی و په‌یوه‌ندیكردن به‌كار ده‌هێنێت، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می كۆرۆنا ڤایرۆس-دا".
گوتیشی: "ئێمه هه‌زاران كه‌سمان له ئه‌مریكا دامه‌زراندووه و شانازی به خۆمانه‌وه ده‌كه‌ین، 10 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ش داده‌مه‌زرێنین و مووچه‌یان بۆ دابین ده‌كه‌ین".
راشیگه‌یاند، پاڵپشتی 1 ملیۆن دۆلارمان بۆ ئه‌م كاره بۆ كراوه، ئه‌ویش له‌پێناو خۆشگوزه‌رانی بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌رێگه‌ی TikTokـه‌وه و گوتیشی: "ئێمه پابه‌ندین به پاراستنی تایبه‌تمه‌ندێتی و ئاسایشی به‌كارهێنه‌رانه‌وه، له‌كاتێكدا تگهیاندنی كار و خزمه‌تگوزارییه‌كانمان بۆ چێژ و خۆشییه".
به‌پێی هه‌ندێك ئامار به‌كارهێنه‌رانی TikTok له ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یان نزیكه‌ی 65 ملیۆن كه‌سه.
یه‌كێتی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كان كه رێكخراوێكه بانگه‌شه‌ی ئازادی ده‌كات و باره‌گای سه‌ره‌كی له نیویۆركه، پێیوایه راگرتنی TikTok مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین و له‌رووی ئازادی تهكنۆلۆژیاشهوه راگرتنی هه‌نگاوێكی باش نییه.
هه‌روه‌ها به‌پێی په‌یامێكی ئه‌لیكترۆنی كه ده‌ست سی ئێن ئێن كه‌وتووه، لیژنه‌ی نیشتمانی دیموكراته‌كان له‌م مانگه‌ی دوایدا، رێگری خۆی له به‌كارهێنانی TikTok به فه‌رمی راگه‌یاندووه.
هه‌روه‌ها به‌پێی سێ ئێن ئێن ئه‌م تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه هیچ ترسێكی نییه له‌سه‌ر كۆمارییه‌كان، له‌كاتێكدا تره‌مپ بڕیاری راگرتنی ده‌دات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه رۆژی 15ی ته‌ممووز، مارك میدوز، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانبه‌رانی تره‌مپ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌كی زۆر له كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ TikTok به سه‌رچاوه‌ی ترس داده‌نێن بۆ سه‌ر ئاسایش نه‌ته‌وه‌یی، بێ ئه‌وه‌ی روونكرنه‌وه‌ی زیاتر له‌م باره‌یه‌وه بدات.
دوای ئه‌وه‌ی له مانگی حوزه‌یران وڵاتی هیندستان TikTok ی به فه‌رمی راگرت، ئه‌مه‌ریكا ده‌بێته دووه‌م وڵات له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه بڕیاری راگرتنی بدات.
H.B