ئەمەریکا زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانیی کردە سەر یەمەن

لە پێنج پارێزگای یەمەن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ماوەی چەند کاتژمیرێکدا 28 هێرشی ئاسمانییان کردە سەر سەربازگە و جبەخانەی حووسییەکان.

 پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە گرتە ڤیدیۆیەکی نوێدا فڕینی فڕۆکەکانی لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری کارل ڤینسۆن (CVN 70) و هاری ئێس ترومان (CVN 75) بڵاو کردەوە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزگاکانی سەنعا، سەعدە، جەوف، مەئرەب، حودەیدەیان بۆمباران کرد.

فڕۆکەکانی ئەمەریکا شەش هێرشی ئاسمانییان کردە سەر کۆگاکانی چەک و پێگەی حووسییەکان لە سەربازگەی براش لە ڕۆژهەڵاتی سەنعا.

هەروەها جبەخانەی حوسییەکانیان لە جەبەل نوقوم لە ڕۆژهەڵاتی سەنعا بۆمباران کرد، هاوکات دەنگی تەقینەوە توند بیسترا، کە پێدەچێت بەهۆی بۆمبی دەنگییەوە بوو بێت. هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی لە شاری سەنعا، ماڵی سەرکردەیەکی حووسییەکانی لە گەڕەکی جەراف لە ڕۆژهەڵاتی شاری سەنعا لە باکووری پایتەخت بۆمباران کرد.

لە ناوچەی مەحزەمات لە پارێزگای جەوف، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەڵمەتێکیان دەست پێ کرد و پێگەکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستییان بۆمباران کرد.

چەند کاتژمێرێک پێش ئەو هەڵمەتانە، گرووپی حووسییەکان لە بنکەکانی خۆیانەوە لە موحەزەمات و ساقیە لە ڕۆژئاوای شاری حەزم، مووشەکی بالیستیکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە.

هەروەها شەش هێرشی ئاسمانی جبەخانە و سەکۆی مووشەکهاوێژ و هێزی سەربازیی حووسییەکانیان لە شاری تەحیتا لە باشووری پارێزگای حودەیدە، بۆمباران کرد. هەروەها  ئاماژەیان بەوە کردووە، هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانی لە فەزا، جەبەلیە و گوەیرق بۆمباران کردووە.

لای خۆیانەوە حووسییەکان ڕایانگەیاند "لە ماوەی چوار ڕۆژ دا 80 کەس کوژراون لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەری نەوتی ڕەئس عیسا لە کەنارەکانی دەریای سوور."