ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کیێڤ خوێناوی دەکات

کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئاگر لە چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی دانیشتووان لە کیێڤ کەوتەوە و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و زیاتر لە 70 کەسیش بریندار بوون.

ڕاشیانگەیاند "لە نێو بریندارەکاندا شەش منداڵ هەن."

تیمەکانی فریاگوزاریی لەناو داروپەردووی باڵەخانەکاندا بە دوای پێکراوان و کوژراوەکاندا دەگەڕێن، هەروەها پۆلیس بەردەوام لە پەیوەندیدایە  بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی دانیشتووان.

دەزگای فریاکەوتن بڵاوی کردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری لە 13 شوێنی پایتەخت لەگەڵ پسپۆڕانی شاخەوانی و سەگی پۆلیسی، بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ژێر داروپەردوودا دەنگی زەنگی مۆبایل دەبیسترێت.