پزیشکێک و نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی بەهۆی گیان سپاردنی ئافرەتێک سزا دران

دوای گیانسپاردنی ئافرەتێک بەهۆی نەشتەرگەیی جوانکارییەوە، وەزارەتی تەندروستی، پزیشکی نەشتەرگەر و ئەو نەخۆشخانەکەشی سزادا کە نەشتەرگەرییەکەی تێدا کراوە.

سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە دوای گەیشتنی زانیاریی گیانسپاردنی ئافرەتێک بەهۆی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، وەزارەتی تەندروستی ڕێکاری بەرانبەر نەخۆشخانەکە و پزیشکەکە گرتووەتەبەر.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: پزیشکەکە لەکارەکەی ڕاگیراوە و نەخۆشخانەکەش پێ بژاردنی بۆ کراوە و هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکەش داخراوە.

سەرکار سورچی ئاشکرای کرد، پزیشکی نەشتەرگەرییە مۆڵەتی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیە نەبووە و پسپۆڕییەکەی نەشتەرگەریی گشتییە نەک پسپۆڕی جوانکاریییە، بۆیە دووجار سەرپێچیکارە و ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە بۆ وەرگرتنەوەی پلەی پزیشکی پسپۆڕییەکەی، لیژنەی لێکۆڵینەوە دەست بەکاربووە.

ئافرەتێکی تەمەن 36 ساڵان دوای ئەوەی لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و ڕۆژی سێشەممە لە یەکێک لە نەخۆشانە ئەهلییەکانی سلێمانی نەشتەرگەریی جوانکاری کردووە، بەڵام لە نەشتەرگەرییەکە دەرنەچووە و بەهۆیەوە گیانی سپاردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment