ئەسعەد شەیبانی: پێشوازیی لە بڕیارەکەی بەریتانیا دەکەین
سوپاسی بەریتانیا دەکەین بۆ چاوخشاندندوە بە سزاکانی کە سەپاندبووی بەسەر سووریا لەسەردەمی بەشار ئەسەددا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمەی گوت.
لە پێگەی کۆمەڵایەتی(ئێکس)، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا وەک پەیامی فەرمی وڵاتەکەی، سوپاسی بەریتانیای کردووە بۆ چاوخشاندنەوە بە سزاکانی سەر سووریا کە لەسەردەمی بەشار ئەسەد بەسەریدا سەپاندبووی، لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانەی خرابوونە بەردەم سێکتەرە سەرەکییەکانی ژیان.
شەیبانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕیارەی بەریتانیا، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چاکسازیی لە ژێرخان و دابینکردنی ئاسایش دوای 14 ساڵ لە نەهامەتی خەڵکی سووریا.
ئەسعەد شەیبانی نووسیوویەتی: سوورییەکان شایەنی ئەوەن چێژ لە ژیانێکی شکۆمەندانە وەربگرن، بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردن بە گەل و نیشتمانی خۆمان.
دوێنێ پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند: هەموو سزاکانی سەر وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریای هەڵگرت کە لەماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندبووی.
حکوومەتی بەریتانیا ئاشکرای کردبوو، سزای سەر سامانە داراییەکانی ئەو دوو وەزارەتە و بەشێک لە دامەزراوە هەواڵگرییەکانی سووریای هەڵگرتووە.